Image

کاریگەری بەکارهێنانی ڕەنگەکان لە دیزاینە تەلارسازییەکاندا

کاریگەری بەکارهێنانی ڕەنگەکان لە دیزاینە تەلارسازییەکاندا

تەلارساز و دیزاینەری بەشی ناوەوەی تەلارەکان پێویستە گرنگییەکی زۆر بدەنە چۆنییەتی هەڵبژاردنی ڕەنگ و گونجاندنیان لەگەڵ شوێنەکە، هەروەها ڕۆشنایی، تاریکی، سێبەر، پلەی تۆخی ڕەنگەکان و جۆری ڕووناکی ناوەوەی شوێنەکە فاکتەری سەرەکیین لە دروستکردنی کاریگەری، دوو جۆر کاریگەری بوونی هەیە کە بریتین لە:

دروستکردنی کاریگەری فسیۆلۆجی

ڕەنگ کاریگەری دەکاتە سەر لایەنی فسیۆلۆجی مرۆڤ، واتا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەندامێک لە ئەندامەکانی جەستە دروست دەکات، بۆ نموونە پلەکانی ڕەنگی شین کاریگەری دەکەنە سەر کۆئەندامی دەمار و چاوی مرۆڤ و هێوری دەکەنەوە، ئاسوودەیی دەبەخشنە مرۆڤ و یارمەتیدەرن لە هێوربوونەوە و ئارامبوونەوەی مێشک، بۆیە لە زۆرێک لە دیزاینی ناوەوەی ژووری نوستن و کلینیکە پزیشکییەکان و نەخۆشخانەکان پلەکانی ڕەنگی شین لە دیزاین کردنی بەکاردەهێنرێت، هەروەها ڕەنگی سوور پەستانی خوێن زیاد دەکات و ترپەکانی دڵ خێرا دەکات و هەستی برسیبوون زیاد دەکات، بۆیە دیزاینی ناوەوەی زۆرێک لە چێشتخانە و شوێنەکانی کڕینی خواردن  پلەکانی ڕەنگی  سووری تێدا بەکارهێنراوە.

کاریگەری سایکۆلۆجی

دروستکردنی هەست و سۆز لەڕێگەی ڕەنگی شوێنەکانەوە واتا ڕەنگەکان کاریگەری دەکەنە سەر لایەنی دەروونی مرۆڤ و هەست و سۆزیان لەلا دروست دەبێت، بۆ نموونە بەکارهێنانی چەند ڕەنگێک وادەکات کە ڕووبەر و پانتایی شوێنەکە فراوان دەرکەوێت، نموونەی بەکارهێنانی ڕەنگی سپی و پلە کاڵەکانی ڕەنگی شین لە دیزاینی ناوەوەی شوێنەکان فراوانی و کراوەیی بە شوێنەکە دەبەخشن، یاخود بەکارهێنانی هەندێک ڕەنگ شوێنەکان گرانبەها و شیک دەردەخات، وەکوو ڕەنگی ڕەش و ڕەنگی ئاڵتوونی پێکەوە.
ڕەنگی سەوز و شینی کاڵ هەستی ئارامبوونەوە و ئاسوودەیی دەبەخشن.

ئامادەکردنی بابەت لەلایەن خوێندکاری بەشی ئەندازیاری دیکۆر

لانیا کەریم