ئەو شتانەی لە خوێندن فێر ناکرێن بەڵام هەموو دیزاینەرێک پێویستە بیانزانێت.
خوێندنی ئەکادیمی دیزاینی ناوخۆ لە لە پەیمانگا و زانکۆکانەوە
بناغەیەکی بەهێزمان بۆ دروست دەکەن لە بنەماکانی دیزاین،
مێژوو، وێنەکێشانی تەکنیکی و پێشکەشکردنی دیزاینەکان ، وە لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی
دیزاینەرە گەنجەکان دوای دەرچوون بەخێرایی بۆیان دەردەکەوێت کە ڕۆشتن لە پەیمانگا
و زانکۆکانەوە بۆ کارکردن لە جیهانی ڕاستەقینە بۆشاییە گەورەکانمان پشان دەدەن کە
لە کاتی خوێندن نادیارن و بێ ئاگاین لێی، ئەم بۆشاییانە دەتوانن ببنە بەربەستێکی گەورە
یان دەرفەتێک، ئەم بابەتەش ئامادەکراوە کە ڕێنماییەکە بۆ ئەو بابەتە گرنگانەی کە
زۆرجار لە کاتی خوێندن فێر ناکرێن بەڵام زۆر گرنگن بۆ بوون بە ئەندازیارێکی
دیزاینی ناوخۆ کە سەرکەوتوو بێت لە پیشەکەیدا.
١- دیزاینکردن
تەنها لەبەر جوانی شوێنەکە نییە، ئەوە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە کە خوێندکاران هەیانە
:
دیزاینکردن تەنها بۆ جوانی شوێنەکە نییە ، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانە زۆرێک لە قوتابیان ساڵەکانی کۆلێژیان تەرخان دەکەن بۆ ئەوەی شوێنەکان جوانتر بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، جوانی خۆی بەس نییە! دیزاینەری لێهاتوو ژینگەیەک دیزاین دەکات کە بە فەنکشنەوە کار بکات، شێوازی ژیانی تاکەکان پیشان بدات و ئاسانکاریان بۆ بکات بۆ ژیانی ڕۆژانەیان.
دیزاینی باش دابێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە ئەوانیش
: ئەم بۆشاییە دەبێت چۆن هەستێکت بداتێ؟
کێ ئەم شوێنە بەکاردەهێنێت؟ بۆچی بەکاردێت؟ ئەم
بەکارهێنەرە ژیانی ڕۆژانەی چۆنە؟
پێویستە خوێندکاران
تەرکیزیان تەنها لەسەر ڕەنگەکان و موود بۆرد و جوانی ئیشەکە نەبێت! لەجیاتی ئەوە،
بیر لەوە بکەنەوە کە ئەم بۆشاییە چ کێشەیەکی هەیە تا چارەساری بکەین وەکو دیزاینەر؟
٢- زانیاری
لەسەر ماتریاڵەکان و ناسینەوەیان زۆر گرنگە :
هەبوونی زانیاری
لە چۆنیەتی بەکارهێنانیان شتێکی ترە ، بەڵآم دیزاینەر دەبێت تێبگات کە تەنها بە
بەکارهێنانی ماتریاڵێک دەبێت بیر بکاتەوە لە (توانای ماتریاڵەکە چەنێکە و چیە؟) نرخی
چۆنە ؟ ئایا بەردەست دەبێت تاکوو لە دیزاین بەکاریان بهێنیت؟ ئایا چۆن لە سەر سایت
بەکار دەهێنرێن؟ واتە بۆ نموونە دیزاینی کەوانتەرێک چۆن جێبەجێ دەکرێت لەسەر سایت؟
ئەو کیشانە چین کە بۆ خۆت و وەستا و
دیزاینەکە بێ ئاگایانە دروستی ئەکەیت؟ شتێکی
تر کە (صیانە کردن)ە واتە چاکردنەوەی ماتریاڵەکە بە پێی تێپەڕ بوونی کات چۆنە و
ماتریاڵەکە بە تێپەڕبوونی کات چی بەسەر دێت؟ هەڵبژاردنی ماددەکان تەنها لەسەر
بنەمای ڕوخسار و جوانی هەڵەیەکی زۆر باوە، دیزاینەری سەرکەوتوو ئەو مادانە
هەڵدەبژێرێت کە فەنکشنیان گونجاو بێت بۆ شوێنەکە، تێچوویان گونجاو بێت و وە لەگەڵ گیرفان
و پێداویستی و خواستی خاوەن ماڵ یاخود بەکارهێنەر بگونجێت.
٣- بەڕێوەبردن
و دابەشکردنی کات بەهرەیەکی گرنگی دیزاینە:
لە کاتی خویندن دوا مۆڵەت بۆ پرۆجێکتەکان و
وانەکان لەلایەن مامۆستاوە دیاری دەکرێت، بەڵام لە جیهانی ڕاستەقینە و جیهانی
کاردا، دوا مۆڵەت لەلایەن کڕیار، بەڕێوەبەرانی پرۆژە، یان خشتەی بیناسازی شوێنەکەوە
دیاری دەکرێن وە جێبەجێ نەکردنیان لە کاتی خۆیدا لەوانەیە ببێتە هۆی زیانی دارایی یان
زیان گەیاندن بە ناوبانگ، لەبەر ئەوە پێویستە خوێندکار ڕاهێنان بکات لەسەر :
• دروستکردنی
خشتەی کاتی تایبەت بە خۆیان بۆ هەموو کارێک، واتە دەبێت کاتی دەسپێک و کاتی کۆتای
هاتنی کارەکە پێشوەختە داندرابێت.
• پرۆجێکتەکە دابەش
بکات بۆ چەند قۆناغێک، واتە بە گشتی چەند قۆناغێک هەیە ئەوانیش دەسپێکی دیزاین
دواتر پێش کۆتای پاشان دوای کۆتای هاتنی دیزایینەکە کە ئەمەش بە مانای ئامادەکردنی
سێتێکی ئەندازیاری هەیە بۆ جێبەجێ کردن.
•
چاودێریکردنی فیدباکی خاوەن ماڵ یاخود خاوەن شوێن زۆر گرنگە بۆ زانینی ئەو
ناتەواوی و هەڵانەی کە نابێت بکرێن لە کاتی دیزایندا، واتە ئەبێت بە تەواوی لە
بەرامبەرەکەت تێبگەیت بۆچی مەبەستێک دیزاینی بۆ ئەکەیت؟ پاشان پێداچوونەوەی
بەردەوام زۆر گرنگە لە کاتی دیزاین کردن و تەنانەت دوای ئەوەی دیزاینەکەش تەواو
بوو چوونکە لەوانەیە شتێکی بیرچووبێت، ئەمەش ئەنەڵایز کردنە شتێکی باشە بۆ بەرەو
پێشچوون و دابەشکردنی کات .
٤- هەبوونی پەیوەندی
بەردەوام و ئاگاداردبوون لەگەڵ یەکتری ئامرازێکی تری دیزاینە:
دیزاینەر تەنها
دراوینگ دروست ناکات، بەڵکوو بیرۆکەکانی پێ دەردەبڕێت، بە دیزاینەکانی بڕیار دەدات
و متمانە بۆ خۆی دروست دەکات لەلای کڕیار و خاوەن کار، ئەمەش پێویستی بە پەیوەندیەکی
باش و متمانە بەخۆبوون هەیە،
پێویستە خوێندکاران ڕاهێنان لەسەر پێشکەشکردنی کارەکانیان بکەن کاتێک باسی
پرۆجێکتەکانیان بۆ مامۆستا و خوێندکارەکانی تر دەکەن وەک ئەوەی قسە لەگەڵ خاوەن
ماڵیک بکەن، هەندێک بنەمای سەرەکی هەن بۆ نموونە:
• ئەو هۆکارانە چین کە لە پشت هەڵبژاردنی دیزاینەکەوەن؟
• بڕیاردان بە
عەقڵ نەک دیزاینەکە تەنها ئارەزوویەکی کەسی بێت.
• زۆر
ئاگاداری فیدباکی مامۆستا و ئەو کەسانە بن کە پرۆجێکتەکانی بۆ باس دەکەن چوونکە بە
دڵنیاییەوە شتێک هەر دەبێت لە کاتی دیزاین لە بیرچووبێت یان دەکرێت باشتر بکرێت
لەو شێوازەی کە دیزاین کراوە.
٥- شارەزایی
زیاتر لە بەرنامە ئەندازیاریەکان = خێرایی زیاتر لە کاتی کارکردن.
زۆربەی خوێندکاران خوێندنیان بە بەکارهێنانی یەک
دوو پڕۆگرامی دیاری کراوی دیزاین تەواو دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها ژمارەیەکی کەمیان
دەتوانن شارەزاییەکی باش لە بەکارهێنانی بەرنامەکان پەیا بکەن، لە جیهانی ڕاستەقینەی
کار ئەم بەرنامە ئەندازیاریانە دەبنە چەکێک بۆ دیزاینەر، شارەزایی و خێرایی،
توانای خۆگونجاندن و توانای گەیاندنی بیرۆکەکانت بەم بەرنامانەی کە دەیانزانیت زۆر
بە سەرکەوتووی دەتوانیت دەریان بخەیت واتە
هەتاکوو زیاتر و زیاتر ڕاهێنان بکەیت لەسەر بەرنامەکان و بە دوایاندا بچیت بۆ خۆت
باشترە ، هەم کارەکەت بە خێرای تێئەپەڕێت هەم زیاتر شارەزا ئەبیت ئەمەش شتێکی زۆر
گرنگە.
٦-
هەبوونی ئەزموونی سەر سایت زۆر گرنگە.
هیچ کتێب و وانەیەک ناتوانێت جێگەی ئەوە
بگرێتەوە کە چۆن دیزاینەکان لە واقیعدا دروست دەکرێن، وێناکردنی شتەکان بۆ دیزاین
کردن تەنها لە لایەنی خوێندنەوە بەس نیە پێویستە بەدوای دەرفەت بگەڕێن بۆ:
• سەردانکردنی ئەو شوێنانەی کە کاری ئەندازیاری
تێدا جێبەجێ دەکرێت کە پەیوەستە بە دیزاینەرانەوە.
• ئەگەر
بتوانن ڕاهێنان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بیناسازی یان دیزاین بکەن، زۆر سوود لە (ڕاهێنانی
هاوینە) ببینن کە لەلایەن پەیمانگە یان زانکۆکەیانەوە بۆیان دادەنرێت.
• سەیرکردنی
چۆنیەتی دانان و جێبەجێکردن و بەکارهێنانی ماتریاڵەکان گرنگە ئەگەر لە
ڤیدیۆیەکیشەوە بێت، ئەم ئەزموونانە زۆر یارمەتیدەرن بۆ دیزاین کردن ، بەمەش خۆت لە
هەڵەی گرانبەها و شتی ناواقیعی دوور دەخەیتەوە.
لە کۆتایدا:
خوێندنی ئەکادیمی دیزاینی ناوخۆ لە پەیمانگا و زانکۆکان تەنها خاڵێکی دەستپێکە، خوێندن هەموو شتێکت فێر ناکات، تەنها ڕێگەکانت پیشان دەدات، سەرکەوتنەکانت بەوە پێناسەت دەکەن لە دەرەوەی خوێندنەکەت ئەزموونێکت پەیداکردبێت کە پێی گەورە بیت ، زیرەکترینی خوێندکاران ئەوانەن کە هەموو کاتێک پرسیارە ڕاستەکان دەکەن، زیرەکی زیاتر لە ژیانی ڕاستەقینەی کاردا بەدەست ئەهێنن چوونکە تەنها خوێندن بەس نییە، بۆیە لە بنەماکانی خوێندنەکەت تێبگە، بەڵام تەحەدای خۆت و دەوروبەرەکەت بکە بە مەبەستی فێربوون و کردنی شتێک بە شێوەیەکی باشتر، دیزاینکردن لە هونەر زیاترە کە ئەویش بەرپرسیارێتیە، داهێنانە، ستراتیجیەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی شوێنێک یان سپەیسێک، دان بەوەدا بنێ کە لە داهاتوودا تۆ تەنها دەرچوویەکی کۆلێژەکەت نیت، بەڵکو تۆ دەبیتە دیزاینەرێک کە ئامادەیت بۆ دروستکردنی جیاوازی لە بوارەکەتدا.
ئامادەکردنی بابەت بەدەستخۆشیەوە لەلایەن دەرچووی سەرکەوتووی بەشی ئەندازیاری دیکۆری ناوەوە: